پێشبڕکێ کردن لەخێر و کارى خێرخوازیدا :

هەموورۆژێک کەدێ بەسەر خەڵکیدا دوو فریشتە لە ئاسمان دێنە خوارەوە، یەکێکیان دەڵێت خوایە ئەو کەسەى کە دەبەخشێت بیخەیتەوە جیێ بۆى، ئەوەى تریشیان دەڵێت : خوایە ئەوەى نایبەخشێت ماڵەکەى لەناوبەرە. بوخارى و موسلیم ریوایەتیان کردووە..


خواى گەورە لەقورئانى پیرۆز دەفەرمووێت  فاستبقوا الخیرات اینما تکونوا یأت بکم الله جمیعا ان الله على کل شیء قدیر  البقرة .. 148 .. واتە پێشبڕکێ بکەن لە خێر و چاکەدا لەهەرکوێیەک بن دەستى خوا دەتانگاتێ و هەمووتان دەهێنێتە بەر بارەگاى لێپرسینەوە، بەڕاستى خوا دەسەڵاتى هەیە بەسەر هەمووشتێکدا . هەروەها دەفەرمووێت  والذین یؤتون ما اتوا وقلوبهم وجلة انهم الى ربهم راجعون اولئک یسارعون فی الخیرات وهم لها سابقون .. المؤمنون 61 .. واتە ئەوانەى کە ماڵ و سامان دەبەخشن و دڵیشیان هەر دەترسێ لەوەى کە دەگەڕێنەوە بەردەستى پەروەردگار، ئەوانە دەستپێشخەرى و پێشبڕکێ  دەکەن لەخێر و چاکەدا .
بێگومان ئایینى پیرۆزى ئیسلام بەختکردنى ماڵ و سامان زۆر لەسەر مرۆڤ سووک دەکات و شێوازێکى زۆر جوان و پڕ حیمکمەتى بۆ داناوە و دەفەرمووێت:
- بەشى خۆت و ماڵ و منداڵت دابنێ و هەرچییەکت لێ زیادبوو خێر و چاکەى لێ بکە پێغەمبەرى ئازیزیش دەفەرمووێت : چاکترین خێر و سەدەقە ئەوەیە کەلەسەر تێریى و دەوڵەمەندییەوە بکرێت، و ئەو دەستەى دەبەخشێت چاکترە لەوەى کە وەردەگرێت، و لەخێرکردن لەماڵ و منداڵتەوە دەست پێ بکە.
- ئەو ماڵ و سامانە حەڵاڵەى لەخۆت و ماڵ و منداڵت زیادبوو یارمەتى دایکت و باوکتى پێبدە پاش ئەوان ئەگەر هەتبوو یارمەتى خزمان و منداڵى بێ باوک  و بێ نەواو دەست کورت بدە ئنجا یارمەتى ئەو رێبوارانە بدە کە لە رێدا و لەغەریبیدا پارەیان لێدەبڕێ و پەکیان دەکەوێت .
- تەرازووى قیامەت مسقاڵە زەڕڕەى چاکە و خراپە دەخوێنێتەوە هەروەک خواى گەورە دەفەرمووێت : هەرکەسێک مسقاڵە زەڕەیەک چاکە بکات دەیبینێتەوە و هەرکەسێکیش مسقاڵە زەڕەیەک خراپە بکات دەیبینێتەوە، پێغەمبەرى خۆشەویستیش هیچ خێر و چاکەیەک بەکەم مەزانن ئەگەر زەردەخەنەیەکیش بێت لەڕووى کەسێکدا.
ئاشکرایە کە خێرخوازى سیماى موسڵمانە و قورئانى پیرۆز و فەرموودەبەرزەکانى پێغەمبەرى نازدار زۆر باسیان کردووە و هانى موسڵمانانیان داوە کە هەردەم خێرخوازبن و نکوڵى نەکەن لەخێر و چاکە، خواى گەورە کەریمە و بەخششى زۆر و بێ شومارە بۆگشت بەندەکانى قورئانێکیشى ناردووە کە بە ( کریم ) ناوى دەبات، دیارە ئەم قورئانەش بۆ ئەوە هاتووە کە مرۆڤێکى چاکى تەواوى بەخشندەى خێرخواز و ( کریم ) پەروەردە بکات کە مایەى بەختیارى بێت بۆخۆى و بۆ بەرامبەر کە دایک و باوکن هەروەک دەفەرمووێت وقل لهما قولا کریما ..
سوودەکانى خێرخوازى :
بۆکەسى خێرکەر قورئان فەرموویەتى : هەرکەس لە رژدى نەفسى خۆى خۆى بپارێزێت ئەوانە سەرفرازى دنیاو قیامەتن.
وەک چۆن مرۆڤ نەخۆش کەوێت پێویستى بەداوودەرمان هەیە، ئەوا کەسى لێقەوماویش پێویستیان بە یارمەتى هەیە و کارى خێرخوازى لەلایەن خێرخوازانیش دەرمانێکە بۆ زامى بەسۆى هەژاران و بێ باوکان.
سوودى بۆ کۆمەڵگە : روون و ئاشکرایە کارى خێر و چاکە دەبێتە مایەى نەمانى رق و کینە  و کەم بوونەوەى تاوان، پێغەمبەرى ئازیز دەفەرمووێت : خۆتان بپارێزن لەرژدى و چروکى ئەوانەى پێش ئێوەیان لەناوبرد واى لێکردن کە خوێن بڕێژن و شەرەف و نامووسى یەکترى بۆخۆیان حەڵاڵ بکەن . خێر و چاکە و چوون بەهاناى خەڵکى هەژار و کەم دەرامەت مایەى رزگارکردنە لەدرۆکردن و وەعدى درۆ چونکە کەسێک کە قەرزار دەبێت و نایبێت بیداتەوە دووچارى درۆکردن و بێ وەعدى دەبێت.
خواى گەورە لەقورئانى پیرۆزدا فەرموویەتى  من ذاالذي یقرض الله قرضا حسنا فیضاعفه له اضعافا کثیرا والله یقبض ویبسط والیه ترجعون ، پێغەمبەریش زیاتر جەخت دەکاتە سەر ئەم راستییە و دەفەرمووێت : مانقص صدقة من مال واتە : خێر و چاکە لەماڵ و سامان کەم ناکاتەوە.
هەورەها دەفەرمووێت : هەموورۆژێک کەدێ بەسەر خەڵکیدا دوو فریشتە لە ئاسمان دێنە خوارەوە، یەکێکیان دەڵێت خوایە ئەو کەسەى کە دەبەخشێت بیخەیتەوە جیێ بۆى، ئەوەى تریشیان دەڵێت : خوایە ئەوەى نایبەخشێت ماڵەکەى لەناوبەرە. بوخارى و موسلیم ریوایەتیان کردووە..

سه ر چاوه: سایتی به خته وه ری